شیعری:له رۆژئه‌ژمێری شه‌قامێکدا
له رۆژئه‌ژمێری شه‌قامێکدا
خالید که‌ریمی
1
هه‌موو به‌رینایی شه‌قام
له من بۆته کۆڵانه ته‌نگه‌به‌ره‌که.
هه‌موو قه‌ره‌باڵغیی شار
له من بۆته چۆڵه‌وانی چاوه‌ڕوانیت.
له نوێترین مۆدێلیشدا
لای من کیژه ساکاره‌که‌ی
گۆزه به‌ده‌ستی ڕێی کانیت.
2
ده‌رئه‌که‌وی یاخود هه‌ڵدێی
ئه‌مبه‌راوبه‌ر
به‌رده‌وام پۆل پۆل پاساری نیگای برسی
به لق و پۆپی قژته‌وه ئه‌نیشنه‌وه،
تا له شه‌قام ئاوا ئه‌بی
به قرمژنی هیچ تفه‌نگێک
له‌و دان و داوه نابنه‌وه.
3
هه‌موو رۆژێ
هه‌ر له یه‌که‌م چاوترووکانی کازیوه‌وه
تا سه‌ر کورسیه‌که‌ی خۆرئاوای لای "وه‌نه‌وشه"
هه‌ڵپه هه‌ڵپی خۆرێکی شه‌یدا ئه‌بینم
که ئێواره بکا به به‌ر شاره‌که‌دا و
تۆ به‌ره‌و شه‌قام راخوشی و...
تێر زه‌رده‌ی ئه‌شقت بۆ باوێ.
ئه‌ی ناڵێی بۆ ئه‌وه‌نده کورته رۆژگارمان؟!
4
سینگی گوزه‌ر
په‌یتا په‌یتا پۆله نۆتی
ترپه‌ی زیق و ترپه‌ی به‌رز و
نیگاره لووتبه‌رزه‌کانی پێڵاو
له دڵی دا تۆمار ئه‌کا.
له چاوگه‌ی له‌ش و لارته‌وه
رسته‌کانی رۆمانی بوومه‌له‌رزه‌یه‌ک
دائه‌ڕێژێ.
****
له:www.qelem.com-ه وه
لێم گه‌ڕێن...