(زمانی دایک) عاشقی کردووم

(زمانی دایک) عاشقی کردووم

کنێر حه‌سه‌ن خانم
09.09.2006
ده‌نگی شیعرێک ئه‌بیستم
شه‌پۆڵه‌کانی بۆ ماوه‌یه‌ک سڕم ئه‌که‌ن
ئاوازێکیش دێ و
وشه‌کان هه‌ڵئه‌گرێ ... بۆ باوه‌شی گۆرانیه‌ک
هیچ ده‌نگێک نایه‌ت
په‌نجه‌ره‌کان داخراون
من گوێبیستی هه‌ناسه‌ی شیعرێکم
ده‌رگاکه‌ش داخراوه‌،ئاسمانیش داخراوه‌
هه‌وا له‌ نێو گه‌ردیله‌کانی خه‌وتوه‌
که‌چی من ده‌نگی شیعرێک ئه‌بیستم
له‌ هیچ شوێنێکه‌وه‌ نایه‌ت ... له‌ منه‌وه‌ دێت
گۆرانیبێژێک  پێئه‌چێ ون بووبێ
پێ ئه‌چێ خۆی له‌درۆکانی هه‌ست ... درۆکانی خه‌یاڵ پاک کاته‌وه‌
پێ ئه‌چێ له‌ خۆشه‌ویستی دا بگه‌ڕێ له‌ نێو ڕاستی
من شیعره‌که‌یم خۆشده‌وێ
خه‌مه‌کانی ئه‌م گۆرانیبیژه‌
خه‌مبارم ئه‌کات
هه‌ندێجار ئه‌وه‌ستم له‌وێستگه‌ی ئازاره‌کاندا
بلیتی پرسیارێک ئه‌بڕم
ئه‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ شه‌مه‌نده‌فه‌ری خه‌مه‌کانی ئه‌م ده‌نگه‌ بڕۆم
من شیعری ئه‌م گۆرانیبێژه‌م خۆشده‌وێ
وشه‌کانی به‌قه‌د وشه‌ کوردیه‌کان
من مه‌ست ئه‌کات
ئاوازه‌که‌ دێ و کوردی نیه‌ده‌رفه‌ت نادات سڵ له‌ بێگانه‌یی چاوی بکه‌مه‌وه‌
 ڕاپێچـم ئه‌کات له‌ ناویا ون ئه‌بم
تێکه‌ڵم ئه‌کات ... به‌هێمنی ... به‌م جوانیه‌ی له‌ رۆحیا ئه‌ڕژێ
به‌یه‌که‌وه‌ سه‌فه‌ر ئه‌که‌ین ... وشه‌ی په‌مه‌یی ئه‌خوێنینه‌وه‌
شیعر به‌سه‌ر ده‌ریادا ئه‌بارێنین
به‌یه‌که‌وه‌ له‌ نێو فه‌لسه‌فه‌ کۆنه‌کان
خانووێک بۆ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌مرۆ ئه‌گرین
بێ کۆت بێ ئازار بێ ترسی گوناهـ ...  فه‌توای کوشتن و له‌نێو بردنی جوانیه‌کان
باسی هه‌موو شتێکی زه‌وی و ئاسمان ئه‌که‌ین
دا ئه‌بڕێم له‌ خه‌مه‌ بێ سه‌ره‌تاو کۆتایی شێته‌کانی وڵاتم
دائه‌بڕێم له‌ ناشیرینی عه‌بای سه‌ری ژنانی شاره‌ خه‌مباره‌که‌م
کاتێک له‌ نێو ڕه‌شایی عه‌باو سه‌رپۆشدا
له‌ ڕێگاکان له‌خالێکی ڕه‌ش و دابڕاو ئه‌که‌ن
دابڕاو له‌ژین دابڕاو له‌کار له‌ به‌هره‌ ... له‌ ‌داهنێنان
ئه‌م ژنانه ی‌ بێ گوناه له‌ نێو سه‌رپۆش وعه‌باکاندا بێ چاره‌ن
وه‌ک‌ ڕۆحێکی پێچراو به‌ تۆپیک قوماش
وه‌ک‌ هزرێکی پێچراو به‌ تۆپێک قوماش
بوون به‌ توانایه‌کی کورتکراوه‌ بۆ چه‌ند کاریکی دیاریکراو
له‌‌هێزێکی  بێ هێز ئه‌که‌ن له‌ کۆمه‌ڵگه‌
من شیعری ئه‌م گۆرانیبێژه‌م خۆشده‌وێ
وشه‌کانی به‌ قه‌د وشه‌ کوردیه‌کان
من مه‌ست ئه‌کات
من له‌ناویانا ون ئه‌بم
له‌ به‌رانبه‌ر چه‌ند وشه‌یه‌کی کوردی گه‌نم ڕه‌نگ به‌ ئاگادێم
وشه‌کان شه‌رمنن
له‌ جلێکی کوردیه‌وه‌ به‌ خه‌مباریه‌وه‌ ئه‌ڕوانن                                                                            
وه‌ک ئه‌وه‌ی بیرم بێننه‌وه‌
وه‌ک ئه‌وه‌ی لێم تووڕه‌ بن
تووڕه‌ن؛ تووڕه‌و دڵسۆز
تووڕه‌و به‌وه‌فا ... تووڕه‌و مرۆڤ
تووڕه‌و ناسک ... تووڕه‌و به‌ناز
تووڕه‌و شه‌رمن ... تووڕه‌ومرۆڤ ... توڕه‌وخه‌مبار
ئه‌م وشه‌ کوردیه‌ ڕه‌نگ تۆخانه‌
دێن و به‌رانبه‌رم ئه‌وه‌ستن ... دێن و له‌ خه‌ونم ئه‌که‌ن
دێن و ئه‌بن به‌ ڕسته‌یه‌کی بی کۆتایی
به‌ ده‌نگیک تێکه‌ڵ به‌ ئاوازی گۆرانیه‌که‌
ئه‌یانخوێنمه‌وه‌
ئه‌ چرپێننه‌ چاوم  و ئه‌ڵێن
هه‌ موو وشه‌ بیانیه‌کان به‌و جوانییه‌ی رۆحیان
ڕۆمانه‌کان به‌و قووڵیه‌ی مرۆڤ به‌ند ئه‌کات
ناسکی ئاوازه‌ نه‌مره‌کان
ناشێ تێکه‌ڵاوی تۆبن
له‌که‌ شتی زه‌ریای هه‌ناسه‌ت
.تۆ به‌ته‌نیا عه‌شقی ئیمه‌ت هه‌ڵگرتوه‌
من هه‌میشه‌ عه‌شقی وشه‌ کوردیه‌کانم له‌ هه‌گبه‌یه‌
ئه‌وان هه‌موو چرکه‌ ساتێك خۆیان و ئازاره‌کانیان
هه‌ میشه‌ ئاماده‌و تووڕه‌ن
نا یه‌ڵن له‌ گه‌ڵ عه‌شقی هێچ زمانێکی تردا
پێکێک شه‌ڕاب له‌ ئێواره‌یه‌کی دره‌نگدا له‌ مه‌یخانه‌یه‌کی لا چه‌پ
به‌ دیار مۆمێکی کزه‌وه‌ ، له‌ژێر دارمێوێکی پیردا بخۆمه‌وه‌
(زمانی دایک) عاشقی کردووم
خه‌می ئه‌وان بۆ من ئه‌بێت
ناڵه‌ی ئه‌وان له‌ تونێلی شاری بوونم ده‌نگ ئه‌داته‌وه‌
خۆم و عه‌شقی ئه‌وان له‌ کۆڵانێکی تاریکدا ڕێئه‌که‌ین
به‌دوای هه‌ناسه‌ی شیعره‌ بیانیه‌که‌ ئه‌گه‌ڕێین
ده‌ستی وشه‌ کوردیه‌کانم توند گرتوه‌
من حه‌ز ئه‌که‌م له‌م پیاسه‌یه‌ ئه‌وان ده‌ستی من چۆڵ نه‌که‌ن
ئاوازه‌که‌ من کێش ئه‌کات
گۆرانیبێژێکی خه‌مبار له‌ ما ڵی ئه‌م گۆرانیه‌دا
له‌ خۆشه‌ویستی ئه‌گه‌ڕێ
وشه‌ کوردیه‌کانی ده‌ستم پێکه‌نینیان به‌ ماناکانی ئاسمانی
ئه‌م گۆرانیبێژه‌ خه‌مباره‌ دێ
ئه‌وان خه‌ مێکی خه‌ستترو ناونیشانێکی تریان پێ یه‌ بۆ عه‌شق وژیان
ئه‌م گۆرانیه‌ ڕاستگۆتر ئه‌ڕژی به‌سه‌رما
به‌سه‌ر عه‌شقی من وشه‌کوردیه‌کانم
دێ و داگیرم ئه‌کات
دێ وخۆشه‌وێستی له‌ ترس ودرۆو خه‌یاڵ ئه‌سه‌نێته‌وه‌و
ئه‌یداته‌وه‌ به‌ڕاستی وعه‌قڵ وپاکی
دێ و ژیان له‌ وه‌هم ڕزگار ئه‌کاو  به‌ ماڵه‌کانی ئه‌به‌خشێ
من وشه‌ کوردیه‌کانی ده‌ستم یه‌کترمان خۆشده‌وی
گوێبیستی ئه‌و ئه‌بین و نابین
ئه‌گه‌ڕێینه‌وه‌ دواوه‌و نا گه‌ڕێینه‌وه‌
وه‌ک هه‌موو جارێ
من مه‌ست ئه‌بم ئاوازه‌که‌  گێژم ئه‌کات و ون ئه‌بم وله‌ گه‌ڵیا ئه‌ڕۆم
وه‌ک هه‌موو جارێ
له‌ به‌رانبه‌ر چه‌ند وشه‌یه‌کی کوردی گه‌نم ڕه‌نگ به‌ ئاگادێمه‌ وه‌و
تیکه‌ڵ به‌ ئه‌وان ئه‌بمه‌وه‌
به‌ره‌و سه‌دان پیاسه‌ی تر ... 

سه رچاوه :
http://renesans.info/

دوو کورته‌ شیعر له‌عه‌بدوڵڵا ئازه‌رمیدۆخت

(1) مه‌راق

گه‌لێ ساڵه‌
تادێ:
هه‌ر ته‌نیاتر ده‌بێته‌وه‌:
ته‌ماشام،
بیرم،
هه‌نگاو و
ته‌نیاییم!
تادێ:
هه‌ر خاوتر ده‌بێته‌وه‌:
خه‌ونم،
په‌لامارم،
ده‌مار و براییم!

(2)
له‌قه‌ره‌باڵغترین
شه‌قامی
شاری ژندا ...
ته‌نیاترین پیاو ...
منم،
من!

2شیعر

                                             ۱

 

  • عه‌جولانه‌ ده‌بینم                                           تیشكه‌ محه‌مه‌د پوور
    ده‌بینم
    چۆن له‌ قوڵایی نوێندا وشیاریتان ده‌مرێ
    چۆن به‌ردی چاوه‌کانتان رووناکی ده‌گرێ
    ده‌بینم
    چۆن له‌سه‌ر رۆخی روانینتاندا
    هه‌رزه‌کاری هه‌ڵده‌قوڵێ
    به‌ده‌م هه‌ر پێکه‌نینێکتانه‌وه‌ ژیان ده‌مرێ.

    من بی پسانه‌وه‌ ده‌بینم
    شه‌پۆله‌ بێده‌نگه‌کانی رۆحتان
    به‌سه‌ر لێواری عه‌ره‌بانه‌ی به‌رده‌متان
    مانی گرتووه‌
    له‌گه‌رما
    له‌ ته‌پوتۆزی ده‌موچاوتان
    له‌ هه‌زار و یه‌ک پرسیاری
    جه‌سته‌تان،
    جه‌سته‌تان
    رۆحتان
    که‌ ولاتێکی تا باڵای ئاسمان
    داگیرکراو
    ترساو
    خه‌سێنراو.

     من بێ ئابڕونه‌، عه‌جولانه‌ ده‌بینم
    بۆنی بێ باوه‌ڕیتان له‌ناو هه‌نگاوتان
    ره‌نگی ژیانتان له‌ناو گریانتان
    شانازیتان له‌ناو نوێنتان
    شه‌رمه‌زاریتان له‌ناو داڵانه‌ تاریکه‌کانی نه‌ریتدا،

     من جاویدانه‌ ده‌بینم
    من بێ سنوور ده‌ڕوانم.

    ڕانیه‌
    050620

                                                            ۲

                     

  • پرســــیاره‌ ســـه‌رســــه‌خته‌کان

    کنێر حه‌سه‌ن خانم

    به‌ره‌و کوێ ... ئه‌مجاره‌ پرسیار... ئاسمانێک له‌ ڕامان
    دائه‌بارێنته‌ نێو لافاو
    شنه‌ له‌کوێیه؟! ته‌رزه‌ بۆچی؟!
    بینین چۆن له‌م ساباته‌ چڕه‌
    تیشکه‌کانی به‌ده‌ر ئه‌کاو
    خه‌و له‌چاوی سێبه‌ر ئه‌کا به‌ فڕین
    فڕین به‌ دوای بینایی!
    فڕین بۆ کوێ؟ ... کامه‌ هه‌ڵچوون ...؟ کامه‌ ته‌قینه‌وه‌و ون بوون؟
    ڕاکردن به‌ره‌و پیری کێ؟!
    خواردنه‌وه‌و تام کردنی کامه‌ سه‌وزایی به‌هه‌شت و
    تووڕه‌ بوون له‌ کێ؟
    خۆشاردنه‌وه‌ له‌ نێو کامه‌ حه‌شارگه‌ی ئاسووده‌یی و
    مردنی نیگه‌رانی له‌ کامه‌ ئه‌شکه‌وتی وندا؟
    ئه‌مجاره‌ بێ پرسیار به‌ده‌ر له‌ هه‌موو سه‌رنجێ
    له‌ به‌رگی سووری پرسیاردا..دائه‌بارم
    ده‌ستی میهره‌بانیت ئه‌گرم..به‌ره‌و پیاسه‌یه‌کی بێ باک
    ئاسووده‌ خه‌نده‌کانت له‌هێلا‌نه‌ی پێکه‌نیندا..بکه‌ ترۆپکی ئه‌فراندن
    به‌خته‌وه‌ر سه‌یری ده‌سته‌کانم که‌.
    له‌ ده‌سته‌وانه‌ی پرسدا خاڵین له‌ شیکردنه‌وه‌
    ئه‌ مجاره‌ بێ عه‌شقی وه‌ڵام‌
    بێ ڕامان بێ کۆتایی..بێ گریان
    بێ باک له‌ لافاوو ئاسمان
    تێکه‌ڵ به‌ پرس
    به‌سه‌رتدا دائه‌بارم    

کنێر حه‌سه‌ن خانم
25.05.2006
 
سه رچاوه:   © www.renesans.nu©