پیاوێک له ئاوریشم
که تۆ له دایک بووی.. من هێشتا نه‌بووبووم،
به‌ڵام ئه‌و گه‌ردیلانه‌ی دواتر بوون به نوتفه‌ی پێکهێنانی من
له کۆڵانه‌کانی که‌رکووکدا بۆ تۆ ده‌گه‌ڕان!
((ئه‌م شیعره له دیوانی "هێشووی عه‌شق" دا هه‌یه که سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ده‌زگای ئاراس چاپ و بڵاوبووه‌ته‌وه. پێشکه‌شم کردووه به مسته‌فا گه‌رمیانی و هه‌موو 10- 4 ێک. ده‌ی چوار بۆ من و مسته‌فا گه‌رمیانی ڕێکه‌وتێکه عه‌شق و نیشتیمانی تێدا کۆبوه‌ته‌وه. له ده‌ی چواری ساڵی 1980 په‌یمانی خۆشه‌ویستیمان به‌ست و له ده‌ی چواری 2003 شاری که‌رکووک ئازادکرا و من و ئه‌و پێکه‌وه له ستۆکهۆڵم فرمێسکی شادیمان بۆ ئازادکردنی که‌رکووک هه‌ڵوه‌راند. شیعره‌که ڕێک وه‌کو خۆی و دووباره پێشکه‌ش بێت به شه‌هیدی که‌رکووک مسته‌فا گه‌رمیانی، که هه‌ر به هه‌مان عه‌شقه‌وه له 16-7-2007 به پێوه و به‌سه‌ربڵندییه‌وه گیانی شیرینی به که‌رکووک و کوردستان به‌خشی و "شاکار"ێکی هه‌شت ساڵی و شانازییه‌کی مه‌زن و ملیۆنه‌ها یادگاری بۆ من به‌جێهێشت.))
***
که تۆ له دایک بووی.. من هێشتا نه‌بووبووم،
به‌ڵام ئه‌و گه‌ردیلانه‌ی دواتر بوون به نوتفه‌ی پێکهێنانی من
له کۆڵانه‌کانی که‌رکووکدا بۆ تۆ ده‌گه‌ڕان!
تۆ پێنج ساڵ بوو کوڕێکی هاری ئاقڵ بوویت و،
که په‌نجه‌ت به‌ر گه‌ردیله‌کانی ئه‌و په‌پووله‌یه ده‌که‌وت،
موچوڕکێک ڕایده‌چه‌ناندی!
گه‌ردیله‌کانیش سه‌رپه‌نجه‌کانیان ماچ ده‌کردی!
که من له دایک بووم،
تۆ ئه‌ستێره‌کانی پێنج هاوینت ژماردبوو،
گه‌ڵاکانی پێنج پاییزت له تووره‌که‌ی ڕۆژگار نابوو،
ڕاوه‌دووی په‌پووله‌کانی پێنج به‌هار که‌وتبووی و،
له ناو ئه‌وانه‌دا ته‌نها گه‌ردیله‌کانی په‌پوله‌ی ڕۆحی منت له ئامێز نابوو!
له‌به‌ربارانی پێنج زستانی کورکووکدا باوه‌گوڕگوڕت کردبوو به چه‌تر!
که من له دایک بووم،
دوو ئه‌ستێره له‌وانه‌ی که پڕشنگدارترینی ناو هه‌موویان بوون،
ده‌میان له‌ناو ده‌می یه‌کتر نابوو، هه‌ر ده‌تگووت یه‌ک ئه‌ستێره‌ن!
ده‌ی چواری هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابردوو..
دره‌وشانه‌وه‌ی یاقووتی ئه‌موستیله‌ی ته‌مه‌ن
له تاریکیدا تۆی نیشان دام و منی نیشاندایت!
که دیتمی، پزیسکێکی باوه‌گوڕگوڕ له چاوه‌کانته‌وه هه‌ڵایسابوو!
تۆ و که‌رکووکم پێکه‌وه خۆش ویست و
هه‌ردووکتان بوون به به‌شێک له بوونم!
بیست و حه‌وتی چواری هه‌شتای سه‌ده‌ی ڕابردوو،
سه‌ده‌ی دۆزه‌خ و سه‌ده‌ی ئه‌نفال و سه‌ده‌ی مه‌رگی جوانییه‌کان!
زیندان منی قووتدا و.. مه‌راقیش تۆ!
ئه‌شکه‌نجه منی ئه‌نجنی و.. کۆچیش تۆ!
له تاریکی ئه‌و ساڵه‌دا له یه‌کتری ون بووین و
له ڕۆشنایی ڕاپه‌ڕیندا یه‌کتریمان دۆزیوه!
سه‌رینێک له په‌ڕی سیمرخی وه‌فا
سه‌ری سه‌وداییمانی له باوه‌ش گرت و کردینی به هاوسه‌ر!
ئێستا، هه‌موو ڕۆژێک سه‌رسامترم ده‌که‌ی!
ده‌مخه‌یته نێو ڕامانێکی زیووینتره‌وه!
له‌و سۆزه سه‌رسام ده‌بم که هیچ ئۆقیانووسێ نایگاتێ،
له‌و نه‌رمییه‌ی که له‌م سه‌ده جه‌نجاڵه‌دا ده‌وری ده‌روونی تۆی داوه!
له‌و خۆشه‌ویستییه‌ی که خه‌ڵتانی ڕامانی کردووم!
له‌و دڵسۆزییه‌ی که پڕه له باران!
تۆ پیاوێکی له ئاوریشم!
هه‌موو ساتێ خۆشترم ده‌وێی!
ده‌ی چواری ئه‌مساڵ،
ساڵی ڕژانی جامی پڕبوو له تاوان و
ساڵی لێوانلێوبوونی کاسه‌ی مه‌راق و
ساڵی تژیبوونی تۆ له تاسه‌ی دووری که‌رکووک!
ده‌ی چواری ئه‌مساڵ، سه‌یری یه‌کتریمان کرد و تێر فرمێسک‌مان ڕژاند!
یادی عه‌شقی ئێمه و ئازادبوونی که‌رکووک ئاوێزانی یه‌کتری بوون!
ئای عه‌شق له سایه‌ی ئازادی‌دا چه‌ند دره‌وشاوه‌یه،
ئای چه‌ندم تۆ و ئازادی خۆش ده‌وێ!
چ په‌رجوویه‌ک بوو ئه‌ڤینی ئێمه و ئه‌ڤینی ئازادی و که‌رکووکی پێکه‌وه گرێدا!
چه‌ند به‌خته‌وه‌رم که تۆم هه‌ی!
12/4/2003
ستۆکهۆڵم
له : کلاوروژنه وه
لێم گه‌ڕێن...